"It will remain of you
What you give.
Instead of keeping it in rusty coffers.
It will remain of you, of your secret garden,
A forgotten flower that did not fade.
What you been giving
In others it will bloom.
...
What you have suffered for
In others will live again.
The one who loses his life
Some day will find her.
Simone Weil (1909 – 1943)
دەمێنێتەوە دوای تۆ
بەخشینەکانی تۆ
لە جیاتی هەڵگرتنیان لە سندوقی ژەنگاوی
دەمێنێتەوە دوای تۆ
لە باخچەی نهێنیی تۆ
گوڵێکی فەرامۆشکراو کە سیس نابێ
ئەوەی تۆ بەخشیت لەوانی دیکەدا دەپشکوێ
...
ئەوەی تۆ رەنجت بۆ دا
لەوانی دیکەدا چرۆ دەکا
ئەوەی ژیانی خۆی ون دەکا
رۆژێ دادێ پێی دەگا
کەڤین بەگیخانی وەک هەر کۆرپەیەکی ساڵانی نەوەد منداڵی دوای راپەڕین و جەنگ بوو، منداڵی ساڵانی شەڕە نەبڕاوەکان بوو: شەڕی دەوڵەتان و سوپا میللیەکان دژی کورد، شەڕی براکوژی نێوان پارتی و یەکیێتی، شەڕی هێزە دواکەوتوو و پێشکەوتووخوازەکان، شەڕی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان دژی کۆمەڵگە، شەڕی نێوان مرۆڤەکان.
ئەم ژیاننامەیە کڕۆنۆلۆژیا نییە کە ژیانی کەڤین لە ساڵی لە دایکبوون و رووداوەکان و ساڵانی مەکتەب و زانکۆ و کار و چالاکییەکانی بەیان بکات. ئەمانە لە سی ڤیی یەکەی دا هەیە و لەم ماڵپەڕە دانراوە. ئەمەی لێرە دەیخوێننەوە، هەڵوەستەیە لەسەر ژیانی کورتی کەڤین،
کە راستە کەم ژیا، بەڵام زۆر جوان و پاک و پڕبەها و دادپەروەرانە ژیا و زۆریشی بەخشی بە ژیان و بە جیهان و بە مرۆڤایەتی. پرۆفیسۆر جییل هەیگ کە کەڤینی لە نزیکەوە دەناسی، لە یادەوەرییەکانی دەڵێ، کەڤین وەک ئەستێرەیەکی رژاو هات و هەموومانی رۆشن کردەوە، بەڵام بەخێرایی ئاوا بوو.
کەڤین لە بەرەبەیانێک کە گولەی شەڕی براکان گوێی دەسمی، لە شاری کۆیە چاوی کردەوە. وەک هەر منداڵێکی سەردەمی جەنگ، کەڤین لەناو ئازار و مەینەتییەکانی جەنگ ژیانی دەست پێ کرد. پاشان خێزانەکەی سەری خۆی هەڵگرت و کاتێ کەڤین تەمەنی سێ ساڵ و نیو بوو، رووی کردە هەندەران. لە ساڵی ١٩٩٧ ەوە کەڤین لەگەڵ دایک و باوک و نەنکە رێحانی لە هۆڵەندا نیشتەجێ بوو.
کە لە جەنگ رادەکەیت، مانای وانییە ئیتر جەنگ کۆتایی دێ، بەڵکو بە شێوازێکی دیکە لە نێوان مرۆڤەکان و لەناو خودی بەرهەم دێتەوە. ئەمە کاری کردە سەر لێکترازانی خێزان و جیابوونەوەی دایک و باوکی کاتێ کەڤین تەمەنی ٧ ساڵان بوو. ئەم جیابوونەوەیە وەک هەموو جیابوونەوەیەک پڕئازار بوو و ژیانی کەڤینی بۆ ئەبەد تاڵ کرد. ئەمەش نەک تەنها لەبەرئەوەی دایک و باوکی ئیتر چیتر پێکەوە نەمان، بەلکو لەبەرئەوەی هەندێ دایک و باوک هەن کە جیادەبنەوە بیر لە بەرژەوەندیی منداڵەکانیان بە هیچ شێوەیەک ناکەنەوە، کە گرنگە پەیوندیان بە منداڵەکانیان بمێنێت و گرنگیان پێبدەن
ئەمە چارەنووسی کەڤین بوو.
کەڤین لە ژێر چەتری دایکی گەورە بوو و پێگەیشت، وەک گەنجێک تا بڵێی جوان و
ژیر و میهرەبان و بەخشندە بوو، هەموو بەها جوانەکانی تێدا بەرجەستە بوو. نە
رێحان و پوورە نەزەندیشی رۆلیان هەبوو لەوەی فەرامۆشکردنی لە لایەن باوکییەوە
بە زەقی رەنگ نەداتەوە و ئەو بۆشاییەیان بۆ پڕکردبووەوە، بەڵام سنوری جوگرافی
و دوورییەکان زۆر بوون لە نێوان ئەو سێ مرۆڤەی کە بوونە دایک و باوک بۆ
کەڤین
دوای تێپەڕاندنی تەمەنی هەرزەکاری کە تەمەنێکی هەستیارە وە کۆسپ و تەگەرەی زۆرە لە وڵاتانی رۆژئاوای لیبێرال، بە تایبەتی وڵاتێکی وەک هۆڵەندا، کەڤین بوو بە مرۆڤێکی کامڵ و تێگەیشتوو و رۆشنبیر کە خوێندنەوە و چالاکی و کارەکانی هەر زوو تەمەنی خۆی تێپەڕاند و کامڵتر و کارگێڕتربوو لە گەنجە هاوتەمەنەکانی خۆی. ئەو جگە لە خوێندنەکەی لە یەکێ لە زانکۆ هەرە بەناوبانگەکانی هۆڵەندا، زانکۆی لێیدن، چالاکوانێکی شێڵگیری مافەکانی مرۆڤ و لانەواز و پەنابەران و کورد بوو. لە دژی چەوساندنەوە زۆر و هەمەجۆرەکان دەجەنگی و بۆ یەکسانی و دادوەریی و سەرفرازیی مرۆڤ تێدەکۆشی. دژی داگیرکاریی کوردستان بوو، دژی کوشتن بە بیانوی شەرەف و توندوتیژیی جێندەری بوو، دژی مامەڵەی فەرمی دەوڵەتان بەرامبەر پەنابەران دەهاتە دەنگ، دژی سیستەمی سەرمایەداری بوو، بۆ یەکسانی و ئازادیی بەرەنگاری هەموو جۆرە چەوساندنەوە و توندوتیژییەک دژی مرۆڤ دەبووەوە، کەمپینی دەکرد بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و ئێزیدییەکان، تەنانەت لە دژی سیاسەتی ئەنتی-سێمیتیزم (سیاسەتی دژە جوولەکە) ی راستڕەوەکانیش دەجەنگی. ئەو خەمی هەموو جیهان و خەمی مرۆڤایەتی هەڵگرتبوو. دڵە گەورەکەی کەڤین جێگەی هەمووانی تێدا دەبووەوە.
وێنەری ئازیز، ئەوەی دەیلێین لێرە تەنها ستایش و سەنای کوڕەکەمان نییە کە لە تافی لاوی ژیانی خۆی بەخشی، بەڵکو لە کار و چالاک و نووسینەکانی بەرجەستە بوون. لە یادەوەریی هاوڕێ و ئەو کەسایەتییانە بەرجەستە بوون کە دوای مەرگی کەڤین هاتوونەتە گۆ، چ لە شێوەی نووسین کە لەم ماڵپەڕە دەیبینن، چ لە شێوەی کردار و ئاکسیونێ مرۆڤپەروەرانەدا. ئەوەتا دادوەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سیمۆن مینکس، کە یەکێک بوو لەوانەی بزنێسمانی هۆڵەندی ڤان ئانرات Frans van Anraatلەسەر فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە سەددام حوسێن هێنایە بەردەم دادگا و سزای بەسەردا چەسپاند، رێکخراوێکی بەناوی فۆنداسیۆنی دادوەریی کەڤین دامەزراندووە. سیمۆن مینکس کە کەڤین هاوکاری دەکرد لە کەیسەکان، دەڵێ ئەو وەک دادوەرێک دەزانێ کەڤین چەندە دادەپەروەر بوو، چەندە پەرۆشی دادوەری بوو بۆ کورد و بۆ هەموو کەس و گەلە چەوساوەکان. بۆیە بەهاوکاریی خێزانەکەمان، لە رێگای ئەم فۆنداسیۆنەوە، دادوەر مینکس درێژە بە رێبازەکەی کەڤین دەدات و ساڵانە خەڵاتێکی تایبەت بە دادوەری بەناوی خەڵاتی کەڤین بە کەسێکی کارا لە پێناوی دادوەری دەبەخشێ
دەربارەی ئەم فۆنداسیۆنە
خەبات و تێکۆشانی کەڤین بۆ دادوەری و سەرفرازیی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە خوێندنەکەی و لە نووسینەکانی رەنگ دەداتەوە، لە شیعر و گوتارکانی دەربارەی توندوتیژی بە بیانوی شەرەف، دەربارەی جینۆسایدی کورد و ئێزیدییەکان، دەربارەی سیستەمی سەرمایەداری و مامەڵەی مرۆڤی سەرمایەدار لەگەڵ گەردوون و سروشت کە بوونی مرۆڤایەتی بەرەو نغروبوون دەبات. لە هەموو ئەو گوتار و نووسینانەی کە یەکانگیربوون لەگەڵ مەنهەجی خوێندنەکەی، بۆمان دەردەکەوێ کە کەڤین چەند ژیر و خوێندەوار بوو، چەند شاعیر و جوانناس و رۆشنبیر بوو؛ هەر لە مارکس و دورکایم و هانا ئارنت و ئێلی ڤێیس و مەولانای رۆمی و تی ئێس ئێلیەت تا نووسەرە نوێیەکانی ئەمڕۆ، کەڤین هەموویانی خوێند بۆوە و شارەزای فەلسەفە و هێڵی شیعری و بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆژیاکەیان بوو. لیستی سەرچاوە بەکارهاتووەکانی کە لە نووسینەکانی پشتی پێ بەستوون، پێمان دەڵێ کە چەند لە پێشەوەی نەک هەر هاوتەمەنەکانی خۆی، بەڵكو لە پێشەوەی ئێمەش بوو، لە پێشەوەی مرۆڤەکانی سەرەمی خۆی بوو. بۆیە جێگەی سەرسامی نەبوو کە کەڤین نامۆ بوو بەم ژیان و بوونە و ئەمەش سەرەڕای کارەکانی کە مانای بە وجودی دەبەخشی، بەرەو یاخیبوونی برد. ئەو رەشبیتن نەبوو، بەڵکو زۆر واقیعی بوو.
کەڤین مرۆڤێکی دادپەروەری یاخی بوو، بە مانا کامو—یەکەی. واتە یاخیبوونێکی فەلسەفییانەی سەر بە دوو رەهەند: ڕەهەندی مێژوویی و رەهەندی میتافیزیکی. خەبات و تێکۆشانی ئەو بۆ دەستەبەرکردنی دادوەری و یەکسانی و ئازادی و هارمۆنیی نێوان مرۆڤەکان، رەهەندە مێژووییەکەی بەرجەستە دەکرد: واتە هەڵگەڕانەوە دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک: هی کۆیلە بەرامبەر سەردار، هی ژن بەرامبەر پیاوسالار، هی کورد بەرامبەر تورک و فارس و عەرەب، هی رەشپێست بەرامبەر رەگەزپەرستانی سپیپێست، هی جوولەکە بەرامبەر نازییەکان، هی مرۆڤایەتی دژی سیستەمی سەرمایەداری.
لە رووی میتافیزیکیشەوە، کەڤین هەستی بە رەگی قووڵی ئازارەکانی مرۆڤ دەکرد نەک تەنها لەبەر ئەوەی مرۆڤ چەوساوەی هێزێکی مێژووییە، بەڵکو لەبەرئەوەی مرۆڤ تەنهایە، بە تەنها لە دایک دەبێ و بە تەنها گوزەر دەکات و بە تەنها دەمرێ. ئەو جۆرە یاخیبوونە یاخیبوونێک بوو بەرامبەر بە گەردوون، بەرامبەر بەو هێزەی کە هەریەکە بەجۆرێک دەیپەرستێ وەک یاهودا، وەک گۆد، وەک بودا... هتد. ئەو هەستی بە ئازارە وجودییەکانی مرۆڤ دەکرد کە چەندە بێهودە دەژی و پیر دەبێ و لە کۆتاییدا بە مردن دەگا. لە ماوەی کۆڕۆنا ئازارەکانی مرۆڤ رەهەندێکی دیکەیان وەرگرت و کەڤین –یش بە ئاگایانە تر ئازارە وجودییەکانی ئەزموون دەکرد. بۆیە تووشی جۆرێک لە بێهوودەیی بوو و بڕیاری دا خۆی رزگار بکات.
کەڤین بەو هەموو ئازارەوە چاوەڕێی مەرگی نەکرد، بەڵکو کاموییانە بە شێوەیەکی فەلسەفی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. کوشتنی ئەو هەڵاتن نەبوو لە ژیان، بەڵکو بەرەڕووبوونەوە بوو لەگەڵ ئەو هێزەی کە مرۆڤ پووچەڵ دەکاتەوە، لە بوونەوە دەیکات بە خۆڵ و خۆڵەمێش. پێش ئەوەش بە تەواوی خۆی لە رق و تووڕەیی رزگار کرد و بەخشندانە پێی وتین کە لە باوک و زڕدایکەکەی خۆش دەبێ و دەیانبوورێ.
ئێمە وەک دایک و خێزانی کەڤین شانازی دەکەین کە کوڕێکی وەک کەڤین مان هەبووە. راستە ئەو چیتر بە جەستە لەگەڵمان نییە، بەڵام رۆحی ئەو لەناومان هەناسە دەدات، ئەوەتا وەک مەلێکی فریشتە ئاسا دەفڕێ و هەروەک لە وشەکانی دەبینین، بەها جوانەکانی مرۆڤ وەک بەخشندەیی، نەرم و نیانی، میهرەبانی، دادوەری، جوانی و ئازادیمان بەسەردا دەبارێنێ. بۆیە رۆحی کەڤین ئاسوودەیە و ئێمەش لەگەڵ ئەو خەمە مەزنە، لەگەڵ ئەو ترۆمایە رۆژانە بە یادی ئەو و بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئەو بەردەوامی دەدەین بەژیان.
ژیانی کەڤین لێرە کۆتایی نایە، بەڵکو لە رێگای فۆنداسیۆنی کەڤین بۆ دادوەری و چالاکییەکانی سەرۆکی فۆنداسیۆنەکە سیمۆن مینکس و ئەندامانی خێزانەکەمان درێژەی دەبێ. لەمەشدا، کەڤین وەک هەمیشە جوان و دادپەروەر و میهرەبان و بەخشندە و یاخی بەردەوام دەبێ. ئێمە درێژە بە رێبازەکەی دەدەین و پەیامی دادپەروەری و بەخشندەیی و جوانی و مرۆڤایەتیی ئەو بەسەر جیهانێکدا پەخش دەکەین کە زۆر شێواوە، ناکۆکە، ناڕەوایە، زۆر لێکترازاوە و پڕ ئازار و مەینەتییە.. ئامانجیشمان ئامانجەکانی کەڤینە: بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەیە.